ئێمه حه‌وت که‌س بووین، ده‌مانهه‌ویست بمرین خۆمان له ده‌ست ئه‌م به‌خته‌وه‌ریه‌ی یه‌خه‌مانی گرتبوو رزگار بکه‌ین؛ به‌ڵام مردن به ده‌ست ئێمه نه‌بوو. له هه‌ر ئان و ساتێکدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو پۆلیسی فریاکه‌وتن بگه‌نه سه‌رمان و له‌و ته‌مایه پاشگه‌زمان بکه‌نه‌وه و به تاوانی مردن راپێچی به‌ندیخانه‌مان بکه‌ن؛ هه‌ر بۆیه ته‌مامان گرت له شوێنێک پێک بگه‌ین و کۆتایی به کاره‌که‌مان بێنێن. دیاره بڕیارمان وابوو هه‌رکه‌سمان به ته‌نیاو به دزیه‌وه له شوێنی دیاریكراو ئاماده بین، نه‌کا بکه‌وینه ده‌ست پیاوانی ده‌سته‌ڵات و خوا نه‌خواسته ریسه‌که‌مان لێ ببێته‌وه به خوری. له هه‌مووی گرینگتر ئه‌وه بوو ده‌بوایه شوێنێکی وا بۆ مردن بدۆزینه‌وه دووره ئاوه‌دانی بێت، که‌س فکری بۆی نه‌چێت و بۆ ماوه‌یه‌ک نه‌مانبیننه‌وه، هه‌تا خوا نه‌خواسته، داروبه‌رد که‌ڕ بێ، ناچارمان نه‌که‌ن زیندوو بینه‌وه و بمانخه‌نه‌وه ناو ئه‌و هه‌موو خێروخۆشییه بێ‌ئه‌ندازه‌یه که ئێمه‌ی له‌خۆ گرتووه.
هه‌تا ئێره کاره‌که باش به‌ڕێوه‌چوو، ئێمه بێ بچووکترین رای نه‌رێنی سه‌باره‌ت به بڕیارنامه‌ی ئاماژه بۆ کراو پێک‌هاتین؛ به‌ڵام ئه‌وه سه‌ره‌تای کاره‌که‌مان بوو و ئێمه ده‌مانزانی هه‌تا جێ‌به‌جێ‌کردنی ئه‌م کاره رێگایه‌کی دوور و درێژمان له‌به‌ره.