پرسیار(10): لە ئێستەدا، داهێنان و رێکلام هاو ئاستن لە خستنە رووی ئاستی دەق لە کوردستاندا، بەڵام ئەو ریکلامەی لێرەدا مەبەستە دابەشبووە بە سەرخوێنەرو راگەیاندن و دەسەڵاتی سیاسی حیزبەکان، نووسەری ئیبداعکار بۆ ئەوەی پردێک دروست بکا بۆ بەیەکتر گەیشتنی داهێنان-ریکلام، چیی دەبێ بە کۆمەککارێکی تەندروست؟
وڵام: ئەم پرسیارە، ئاماژەیە بە یهکێک لە کێشە پەراوێزی، بەڵام شوێن دانەرو گرینگەکانی بواری داهێنان..
، دەق هەستیی و بوونی خۆی، لە چرکە (perception) بە پێی بۆچوونەکانی بیردۆزەکانی مەکتەبی وهرگرتن ساتی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ خوێنەر دا وەدەس دێنێ. واتا دەق بە بێ خوێنەر، وەک هەر نه بووبێ وایە. کەوابوو، ئەم هەستیە، بە قەدەر ڕادەی خوێنەرەکانی پەل دەهاوێژێ. بۆ ئەوەی دەقێک توانای بڵاو بوونەوەی زیاتری هەبێ و بکەوێتە بەردەستی خوێنەرانێکی پتر، پێویستی بە ڕاگەیاندن و ناساندنی پتر هەیە. ئالەم قۆناغەدا حزووری دیاردەی (ریکلام) پێویست و لازم دێتە بەر چاو. ئەمەش ئەو پانتایهیە کە لە واقیع دا، لە تەک پڕۆسەی داهێنان و نووسین و (دەقسازی)، جیاوازە و (نووسەر/داهێنەر)، لەبەر چەندین هۆی کۆمەلناسانەو دەروون ناسانە، بۆی نیە دەوری ریکلامیش ببینێت. پێویستە ئەم حەوزەیە، بە کەسانێکی جودا لە نووسەرو، هەروەها پسپۆر و پرۆفیشناڵ لە حەوزەی پڕۆپاگەندە و ریکلام، بسپێردرێ. ئەمەش لە ڕاستى دا دەسەڵاتی ئابووری و ڕامیاری گەرەگە، کە زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتی داهێنەرانە کۆ نابنەوە و لێک جودان و سەربە دوو جیهانی جیاوازن، واتا سێ کوچەی (داهێنەر/ سامان دار/سیاسەت وان) بە دەگمەن لە یەک کات دا، لە یەک کەس دا کۆدەبنەوە. بۆیەش کومەڵگایەک لە باری گەلتووری و ئاستی رۆشنبیری پێش کەوتویە کە توانای رێکخستنی نیزامێکی سیستەماتیکی هاوکاری و هەرەوەز و دانوستانی ئەم سێ حەوزەیەی هەبێت. لە هەناوی سیستەمە ڕامیاریە تاک دەنگ و توتالتیارەکان، هەر وەها نیزامە دەسەڵات دارە ئابووری و سامان داریە قەبەکان دا، کە ئامانجی سەرەکیان هەراو کردنی مەودای دەسەڵات داری خۆیانە، بە بەهای کڕ کردن و سەرکوت کردنی دەنگە داهێنەرەکان، زۆر زەحمەتە داهێنەری پەروەردە بکرێ و پەرە بستێنێ و گەشە بکات.