دیمانه‌ - به‌شی دووهه‌م
 پرسیار(5) له ‌ئه‌مڕۆدا شێعر و قسەی ئاسایی تێکچڕژانێکی ڕیشەییان بە خۆوە گرتووە، ئەگەرچی ئەم جۆرەی دەقنووسین لە ئەو رووپادا ئەزموون کراوە، بەڵام شاعێرانی ئیمەش سوودیان لێی وەرگرتووە، ئەم تێکەڵاوبوون و سوود وەرگرتنە تا چ ئاستێک لە خزمەتی ئەدەبی کوردی دا بووە؟
وڵام: لە پۆلێن کردنێکی گشتی دا و بە ڕەچاوکردنی شێوەی دانوستان لە گه‌ڵ ماکەکانی زمانی، زمان بە دوو بەشی گشتی (زمانی باوو رۆژانە/ زمانی ناباو، ئەدەبی) دابەش دەبێ. زمانی نۆرم، ئەو نیزامە دەلالەتیە کەلامیە یه‌، کە لە چوارچێوە باوو داڕێژراو و یاسا ڕێزمانیەکانی دابین کراو لای ناداو کارکردی پێوەندی گرتنی هەیە و زمان لەم نیزامەدا، کەرەسەیەکە و ئەوەی ئامانجە، مەبەست و ناوەرۆک و مانای کەلامەکەیە. لەم قۆناغەدا، زمان هەر چی ڕوون تر و بێ گرێ و گۆڵ تر و رەوان تر بێ و ئەرکی راگوێستنەوەی پەیام و راسپاردەکەی خۆی باشتر بەڕێوە بەرێ، سەرکەوتووتر و بە نرخ ترە. لە بەرامبەر ئەم لایەنەی زمان، لایەنی ئەدەبی و ئستاتیکایی زمان راوەستاوە. لەم قۆناغەدا، زمان ئیتر کەرەسەیەکی ڕووت نیە بۆ ڕاگواستنه‌وه‌ی مانا و مەبەست، بەڵکوو زمان خۆی مەبەستە و بە تەواوی  وزە و تواناوە، بە هەموو جۆرە تەمهید و فێڵەوە گەرەکیەتی ببینرێ. بە کورتی، لایەن و قۆناغی یەکەم، پێناسە ئەرەستوییەکەی زمان دەگرێتەوە، کەوا لە نیزامە جوانی ناسانەکەی دا، هەرچی لە سرووشت دا بوونی هەیە ، بێ ئەم لاو ئەولا ئامانجێکی هەیە، لە بەرامبەر ئەم کارکردە دا، قۆناغی دووهەم، لە پێناسە(کانت)یەکەی زمان دا دەگونجێ، کەلە (رەخنە لە سەر وزەی داوەری)دا و لە ژێر باسی (فۆرمی جوان)دا، دەڵێ: لە ئاسەواری هونەری دا و لە کارکردی جوانی ناسانەی کەرەستە دەلالەتیەکان دا، ئامانجێکی دەرەکی و جودا لە خودی کەرەسەکان و لە دەرەوەی ئەوان دا بوونیان نیەو، کەرەسە و ئامانج هەر بۆخۆیانن. با بەهێنانەوەی نموونەیەک، باسەکەمان کۆکەینەوە. شووشە (جام) کەرەسەیەکی سەرەکی خاوە کە دوای ئەوەی کاری لەسەر دەکرێ و فۆرمی دەدرێتێ، دووکاراکتێر و دووهەستیی جیاوازی دەدرێتێ. یەکەم، ئەو کاتەی کەوا لە سەنگ و سوێدەدرێ و ساف و لووس دەکرێ، تا رووناکی و تیشک، بێ لەمپەر لێی تێپەڕێ. باشترین جام لەم کارکردەی دا، ئەو جامەیە کە بکرێ بە بێ لەمپەر و چڕژ و خێچ و خواریەک بەبێ ئەوەی خۆی ببینرێ، بتوانین بڕوانینە ئەودیوی جامەکە.


۱ 

بینه‏رانی ئه‏مڕۆ : 168
سه‏رجه‏می بینه‏ران : 38750
Ofogh Rayaneh Web Design
هه‌موو مافه‌کانی بۆ ماڵپه‌ڕی مامه‏ند قادری پارێزراوه . داڕشتن و رێک خستن: کۆمپانی افق رایانه