دیمانه لهگهڵ ( مورادئهعزهمی )- ئامادهکردنی: رابهر فهریق
پرسیار (1): کەسانێک زۆر بە داخراوهیی و به سانایی پێکهاتە و لایەنەکانی مەجازیی دەق هەڵدەسەنگێنن، بە واتەیەکی تر: تەنها دەڵێن (ئەم دەقە جوانە)، (ئەم دەقە ناشیرینە)، بەبێ ئەوەی جارێک بپرسن: بۆ چی جوانە؟ بۆ چی ناشیرینە؟ هۆکاریی ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە بۆ چیی دەگەڕێنێتەوە؟
وەڵام: لەم پرسیارەدا، چەن چەمکی سەرەکی و بنەڕەتی سەر بە ڕەخنەی ئەدەبی حزوریان هەیە، کە پێویستە بۆ گەیشتن بە وڵامێکی مەنتیقی و هەمەلایەن، سەرەتا ڕوانگەی خۆمان سەبارەت بەوان ساغ کەینەوە،چهمکی دهق، سەر بە جیهانی مۆدێڕن و ئاراستەیەکی سەربە تەفەککوری نوێی ڕەخنەیی ههیه. لەو قۆناغەوە کە فۆرمالیستەکان، گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ جیهانی بەرهەم، پێویستە فۆرم و شێوەی بەرهەم هاتنی ئەم لیک بدرێتەوە، تاوەکوو دەلالەتە شاراوە و ژێر خانە ماناییەکانی بێنهڕوو،ئیترخودی بهرههم هێنهروچهمکهکانی سەر بە جیهانی ئەم، دەکەوێتە پەراوێزەوە. لەم قۆناغەرا، چەمک گەلی وەک: بەرهەم، ئاسەوار، ...، مەیدانیان بۆ (دەق) بەتاڵ کرد. واتا ئەو نووسراوەیەی کە لە نووسەرو بەرهەم هێنەرەکەی دادەبڕێ و دەبیتە خاوەنی ژیان و جیهان و هەستییەکی سەربەخۆ. ئەم ڕوانگەیە سەبارەت بە دەق، لە چەندین قۆناغی دی تێدەپەڕی تا کوو دەگاتە قۆناغی روانینی کەسانیک وەک رۆلان بارت، کە بەراشکاوی تیۆری مەرگی دانەر (مرگ مولف)-ی هینایە بەر باس. لەم پڕۆسەیەدا، پیکهاتە خوازەکانیش، زۆرترین شوێنیان لە سەر ئەم چەمکە و شێوەی خوێندنەوەی هەبووە.