عه‌بدوڵڵا په‌شێو شاعێری ساده نووسین و هه‌ست و سۆزه.شێواز و زبانێکی ساده و تایبه‌ت به خۆی هه‌یه.کوردی زانێکی له زه‌بره وله به‌کار هێنانی وشه‌دا ته‌واو وه‌ستایه.له هه‌موو قۆناغه‌کانی نیوسه‌ده‌ی رابردووی مێژووی کورده‌واری سووڕاوه‌ته‌وه و ژیاوه و شێعری نووسیوه و هه‌ڵوێستی گرتووه.هه‌ر له جوانترین شێعره دڵداریه‌کانی"شه‌ونامه‌ی شاعێرێکی تینوو"و"شه‌و نیه خه‌ونتان پێوه نه‌بینم"را هه‌تا هه‌ڵوێسته‌کانی"براکوژی".په‌شێو هه‌ناسه‌یێکی به توانای شاعێرایه‌تیه و دوای هه‌ڵوێسته‌کانی براکوژیش ده‌یان شێعری جوان و ناسکی نووسیوه.ئاواتمان ته‌مه‌ن درێژی و له‌ش ساغی و هه‌رمانی ئه‌و که‌ڵه شاعێره جوانی په‌ره‌سته‌یه.
وه‌ک ده‌زانین په‌شێو ساڵانێکی زۆر له تاراوگه و غوربه‌ت‌دا ژیاوه.له دووره‌وه چاوی له نیشتمانه له‌ت له‌ته‌که‌ی بڕیوه وبه دیار خه‌فه‌ته‌کانیه‌وه دۆش داماوه و شێعری بۆ نووسیوه.له وڵاتانی بێگانه‌دا و به‌تایبه‌تی وڵاتانی ئه‌وڕووپایی جگه له‌و که‌سانه‌ی خوێندنی باڵایان هه‌یه و پسپۆڕن،هه‌مووی ئه‌و که‌سانه‌ی په‌نابه‌رن،به سووکی چاویان لێ ده‌کرێ.به روویه‌کی خۆش وه‌ریان ناگرن و نێو و نووتکه‌ی سووکیان لێ ده‌نێن.په‌شێو له شێعری "بیئاتێ"دا – که شێعری به‌ر باسی ئێمه‌یه- سووکه ئاوڕێک له‌و سووکایه‌تی و بێ ده‌ره‌تانیه ده‌داته‌وه:
به‌ره..به‌ره...
منی سووته‌ک له به‌ینی لێوه‌کانی دا
بووم به جگه‌ره
"بیئاتێ" له راستی دا چیڕۆکێکی بچووکه که له سه‌فه‌ری نێوان ئاڵمان و چێکوسڵواکیا دا رووی‌داوه.به‌ر له هه‌موو شت شاعێر ئاشکرا ده‌کا که هه‌ر چی قه‌وماوه،له ناو واگۆنی قه‌تارێکه که له ئاڵمانه‌وه به‌ره‌و پڕاگ له‌رێ دایه.
وشه‌ی "سه‌رادوونراو" نا رزایه‌تی شاعێر له خێرا رۆیشتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ڕه‌که ده‌سه‌لمێنێ.شاعێر له‌و خێرا رۆیشتنه ناڕازیه‌چونکه : 1- پایزه و شه‌و درێژه.ئه‌گه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ڕه‌که خێرا بڕوا،کازیوه‌ی به‌یانی له پڕاگیان داده‌به‌زێنێ.
2- باران ده‌بارێ.شاعێر ئه‌و فه‌زایه‌ی پێ خۆشه،چونکه بۆنی شێعری لێ دێ. پێی خۆش نیه ئه‌و فه‌زایه به‌جێ هێڵێ.
3-هه‌ر ئه‌ندازه شه‌مه‌نده‌فه‌ڕه‌که خێراتر بڕوا،هه‌ر به‌و ئه‌ندازه‌ش ته‌مه‌نی "ژوان"ه‌که‌ی شاعێریش له کورتیه ده‌دا.
شه‌مه‌نده‌فه‌ڕ
وه‌ک مارێکی سه‌رادوونراو
گینگڵی ده‌دا وده‌یفیشکاند
ئه‌و واگۆنه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ڕ ته‌نیا دووکه‌سی تێدایه،هه‌ر بۆیه‌ش:
شه‌و بۆنی ژوانی لێ ده‌هات
بۆنی پایز
بۆنی شێعر
بۆنی بارانی لێ ده‌هات
ئه‌و دووکه‌سه یه‌کتر ناناسن.یه‌که‌م جاره یه‌کتر ده‌بینن.خۆش و ناخۆش ئه‌و شه‌وه پێکه‌وه‌ن.له یه‌ک واگۆن دا.کوڕێکی دڵ پڕ له هه‌ست و عاتیفه و کچێکی قۆڕه‌ده‌ماخ.کوڕێکی خۆشی نه‌دیتوو،کوڕێکی غه‌ریبی رۆژهه‌ڵاتی له گه‌ڵ کچێکی نازداری خه‌م نه‌دیتووی ئه‌وڕووپایی له واگۆنێک دا وه که‌نگر و قوماش ده‌چن.
گوتی :
"ناوم بیئاتێ یه"
خۆ ناساندنی بیئاتێ،یه‌که‌م هه‌نگاوی پڕۆسه‌ی ئاشنا بوونه.به‌ڵام نامۆیێکی ته‌واو فه‌زای واگۆنه‌که‌ی داگرتووه،هه‌ر بۆیه‌ش:
مات بووم
مات بوو
که چی ئه‌و مات بوونه زۆر ناخایێنێ.کچه جگه‌ره‌یه‌ک ده‌ردێنێ.ئه‌وه هه‌لێکی زێڕینه بۆ کوڕه‌که هه‌ڵکه‌وتووه که هه‌ر نه‌بێ به بیانووی داگێرساندنی جگه‌ره‌که له کچه‌که نێزیک بێته‌وه.دیاره له وڵاتانی رۆژهه‌ڵات به‌گشتی و کوردستان به تایبه‌تی بۆ پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی، کوڕ ده‌بێ یه‌که‌م هه‌نگاو هه‌ڵێنێته‌وه.په‌شیو ئه‌و ئه‌سڵه‌ی له به‌ر چاوه.نه‌ریتی کورده‌واری له بیر نه‌چۆته‌وه هه‌ر بۆیه‌ش به په‌له جگه‌ره‌که‌ی بۆ داده‌گیرسێنێ.
جگه‌ره‌یه‌کی ده‌رهێنا
بۆم داگیرساند
پله‌ی یه‌که‌م خۆ به یه‌کتر ناساندن بوو.پله‌ی دووه‌م لێک نێزیک بوونه‌وه و جگه‌ره داگیرساندن بوو.له پله‌ی سێهه‌م دا پێک گه‌یشتن چاوه‌ڕوان ده‌کرێ:
به‌ره..به‌ره...
جگه‌ره‌که له به‌ینی په‌نجه‌کانی دا
بوو به سووته‌ک
کچه هۆشی له جگه‌ره‌که نه‌ماوه.مژی لێ نادا.جگه‌ره‌که له بایه‌خ که‌وتووه.شتێکی‌تر جێگای جگه‌ره‌ی گرتۆته‌وه.جگه‌ره‌که به‌ره به‌ره له ته‌نیایی دا – له به‌ینی په‌نجه‌کانی کچه‌دا- ده‌بێته سووته‌ک.له راستی دا له‌خۆڕا نابێته سووته‌ک.ئاگرێک هه‌یه له ته‌نیایی دا ده‌یسووتێنێ و ده‌یکاته سووته‌ک.شاعێر نه‌ریتی کورده‌واری خۆمانی له به‌ر چاوه.پێوه‌ندی دڵداری له گه‌ڵ کچه راست و ره‌وان ناگێرێته‌وه،به‌ڵام زۆر به ئه‌ده‌بانه و زۆر زیره‌کانه ئاشکرا ده‌کا که:جگه‌ره‌که له نێوان قامکی کچه دا به بێ ئه‌وه‌ی مژی لێدات، بوو به سووته‌ک.منیش که تا ئه‌و حه‌له له ئه‌وڕووپای تاراوگه‌دا به قه‌را سووته‌کێک بایه‌خم نه‌بوو،کچه له جیاتی جگه‌ره مژی لێده‌دام.
دڵداری سه‌ری گرتووه.شاعێرێکی کوردی تاراوگه‌یی،غه‌ریب،بێ ده‌ره‌تان و کۆچه‌ر له واگۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌ڕێک که به‌ره‌و پڕاگ به رێوه‌یه،بۆ کچێکی قژکاڵ و نازداری ئه‌وڕووپایی وه‌بایه‌خ که‌وتووه.شاعێر هه‌ر هه‌مووی پێوه‌ندی و حه‌ز و خولیای ئه‌و شه‌وه‌ی له رسته‌یه‌ک دا کۆ کردۆته‌وه:
به‌ره..به‌ره..
منی سووته‌ک
له به‌ینی لێوه‌کانی دا بووم به جگه‌ره
سووته‌ک هێمای بێ بایه‌خیه.به‌ڵام شاعێر ده‌ڵێ منی سووته‌ک،بۆ؟چی وای له شاعێر کردووه خۆی پێ سووته‌ک بێ؟ئاخۆ له روانگه‌ی ئه‌وڕووپیه‌کان بۆ په‌نابه‌ره‌کان ڕا ده‌دوێ یان ئاماژه به‌وه‌ی ده‌کا:به‌رد له جێی خۆی سه‌نگینه؟ئه‌و کچه کێیه که‌وا شاعێر له به‌رانبه‌ری دا سووته‌که؟ هۆی سووته‌ک بوونی شاعێر چیه؟
وادیاره بیئاتێ هێشتا کاری به شاعێر ماوه.چونکه زۆر به ئه‌سپایی ده‌ستی ده‌نێو ده‌ستی ده‌نێ و گرینگتر ده‌ستی ده‌نێو ده‌ستی دا ده‌مه‌یی.وشه‌ی"مه‌یی"به پێزترین وشه‌یه که پێوه‌ندی ئه‌و دوو که‌سه وێنا ده‌کا.مه‌یین هێمای هه‌رمانه.ره‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ده‌ست ده ده‌ست دا مه‌یینه بێ شاعێر پێی وابووه ده‌بێ له گه‌ڵ یه‌ک بمێننه‌وه.له بۆیه‌ش خه‌وی خۆی ده‌کاته قۆچی قوربانی خه‌ونه‌کانی ئه‌و:
وه‌نه‌وزی دا
ده‌ستی سه‌ر په‌نجه‌ی په‌مه‌یی
وه‌ک نامه‌یێکی نه‌هێنی
که پیلانی کووده‌تایێکی تێدابێ
خزایه ناو ده‌ستم و مه‌یی
ئاخۆ ده‌ست له ناو‌و ده‌ست نانێک، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌هێنی کاری ده‌وێ؟ئه‌وه‌نده‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ ده‌وێ؟ ئه‌و که‌سه‌ی نامه‌ی پیلانی کووده‌تاێێکی پێیه،چه‌نده نه‌هێنی پارێزی ده‌کا؟ کچه ئاوا به ئه‌سپایی ده‌ستی ده‌نێو ده‌ستی شاعێر ناوه.دوایه‌ش وه‌ک پاڵپشتێک سه‌ری داناوه‌ته سه‌ر شانی.
به نرخترین و پیرۆزترین شتی شاعێر شێعره.ده‌بێ ئه‌و شه‌وه ئه‌و کچه چه‌نده پیرۆزبێ که جێی هۆنراوه‌ی بۆ شاعێر گرتۆته‌وه؟
سه‌ری وه‌کوو هۆنراوه‌یه‌ک
هێدی هێدی لار کرده‌وه
منیش شانم وه‌ک ده‌فته‌رێ
تامه‌زرۆ بوو هه‌ڵبه‌ستێکی بێته سه‌رێ
بۆ ئه‌وه‌ی خه‌وی کچه نه‌شه‌مزێ،شاعێر ناخه‌وێ.ئه‌وسا ده‌چێته ناو خه‌ونه‌کانی.خه‌ونه‌کانی به هی خۆی ده‌زانێ.خه‌ونه‌کانی پیرۆزن ،وه‌ک زێڕ و زێو به بایه‌خن.شاعێر وه‌ک ئه‌و بازرگانه‌ی له سه‌فه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه.ماندووه به‌ڵام ته‌ماحی کچه به‌ری نادا وبه درێژایی شه‌و حیسابی بۆ ده‌کا.که چی لای کچه نه بای دێ و نه بۆران.خرپ بۆی نووستووه و ئاگای له مه‌حموودی بێ زه‌واد نیه.
خه‌و بردیه‌وه
تا به‌یانی خه‌و بردیه‌وه
منیش وه‌ک بازرگانێک بگه‌ڕێته‌وه له سه‌فه‌ر
به درێژایی شه‌وگاری سارد
زێڕ و زێوی
ناو پریاسکه‌ی
خه‌ونه‌کانی ئه‌وم ژمارد
پێده‌چێ شاعێرهیچ کات سه‌ری کیژێکی ناسک و نازداری ئه‌وڕووپی له سه‌ر شانی په‌نابه‌رێکی بێ ده‌ره‌تانی ماڵ له کۆڵ نه‌دیتبێ. بۆیه به هه‌لێکی زێڕینی داده‌نێ و هه‌تا به‌یانی چاو له‌و دیارده سه‌مه‌ره‌یه ده‌بڕێ.به‌ڵام سه‌فه‌ره‌که‌یان کۆتایی دێ و شه‌مه‌نده‌فه‌ڕ که له دێڕی یه‌که‌م دا وه‌ک ماری سه‌رادوونراو ده‌رده‌په‌ڕی،ئه‌و جار له کۆشی پڕاگ وه‌ک فێ گرتوان لێی ده‌که‌وێ.وادیاره هێشتا شاعێر دڵی نه‌هاتووه ئه‌و شاژنه له خه‌و هه‌ستێنێ.لێ ده‌گه‌ڕێ بۆ خۆی وه‌خه‌به‌ر بێ هه‌تا تڕاژیدیترین به‌شی سه‌فه‌ر ده‌ست پێ بکا.
که به‌یانی شه‌مه‌نده‌فه‌ڕی فێ گرتوو
سه‌رمی نایه کۆشی پڕاگ
بیئاتێ – شاژنی نووستوو-
وه‌ئاگا هات
- گوتن مۆگن
- گوتن مۆگن
جه‌نتاکه‌ی هه‌ڵگرت دابه‌زی
نه ئه‌درێس نه خواحافیزی
ئالێره‌دا شاعێر هه‌ست ده‌کا ره‌نج به خه‌ساره.هه‌ست ده‌کا شه‌وێک وه‌ک ئامرازێک که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتووه.هه‌ست ده‌کا هه‌ر سووته‌کی جارانه.هه‌ست ده‌کا هه‌ست و عاتیفه‌ی خۆی له هه‌ڕاج داناوه،ئه‌وکه‌سه‌ی هه‌مووی شه‌و بۆی نه‌نووستووه،به جێی دێڵێ. بیئاتێ نه‌ک هه‌ر ئادرێسی خۆی ناداتێ،ته‌نانه‌ت خواحافیزیشی لێ ناکات.سه‌ره‌ڕای وه‌ش دونیایێک حه‌سڕه‌ت و که‌سه‌ر بۆ شاعێر به جێ دێڵێ..
ئاخ بیئاتێ
خۆزگه سه‌د خۆزگه ده‌مزانی
به درێژی شه‌و
سه‌رت له سه‌ر شانی کێ بوو
کام شۆڕه سوار
میوانی خه‌ونه‌کانت بوو تا به‌یانی
ئاخ بیئاتێ
خۆزگه سه‌د خۆزگه ده‌مزانی
ئێره هه‌واری خاڵیه...ئێره ئه‌وپه‌ڕی دۆڕانه.شاعێر وه‌ک کۆست که‌وتوان به عه‌زره‌ته‌وه ده‌ڕوانێته شه‌وی رابردوو و ئاخی بۆ هه‌ڵده‌کێشێ.له کاتێکدا سه‌ری کچه له سه‌ر شانی شاعێر بووه،شۆڕه‌سوارێکی دیکه میوانی خه‌ونه‌کانی بووه.ئه‌و شه‌وه کچه هه‌ر بۆ خۆش رابواردنی خۆی لای له شاعێر کردۆته‌وه.شاعێر له دوا سێکانسی چیڕۆکه‌که تێده‌گا هه‌ر که‌ره‌سته بووه و که‌ڵکی که‌ره‌سته‌ییان لێ وه‌رگرتووه.تازه تێده‌گا به ئه‌سپایی بوونی ده‌ست وێکدانه‌که‌ی دوێ شه‌ویان قسه‌ی له دوودڵیه‌کی هه‌راو ده‌کرد. ئه‌و په‌ڕی تڕاژیدی له ژیان ئه‌و کاته‌یه مرۆڤ ببێته که‌ره‌سته.ئه‌ویش ئه‌و که‌ره‌سته‌یه‌ی دوای یه‌ک شه‌و له که‌ڵک ده‌که‌وێ.ئه‌وه‌ش به‌راستی خۆزگه و سه‌د خۆزگه ده‌خوازێ.
عه‌لی سۆهرابی 1/1/1389 شنۆ