گه‌ر بتزانیایه
له هه‌رێمی خۆشه‌ویستیت
چ کڕێوه‌یێکم هه‌ڵکردووه؟
گه‌ر بتزانیایه
په‌رده ئه‌ڕخه‌وانیه‌کانی خه‌ونم
هه‌موو شه‌وێ
سه‌یرانگای یادی پیرۆزته
گه‌ر بتزانیایه
بوومه‌له‌رزه‌ی ته‌زووی بیره‌وه‌ریت
چ سامناکانه
بنه‌مای له‌رزۆکی شاری جه‌سته‌م ده‌هه‌ژێنێ
گه‌ر بتزانیایه
یه‌که‌م ئه‌ڵقه و دووه‌م ئه‌ڵقه و سێهه‌م ئه‌ڵقه‌ی
مژی جگه‌ره‌که‌م
هه‌موو ده‌مێ
قوربانی دوا نیگای ئاگراویته
ئاوا دلۆڤانانه
به جه‌للادی بێ که‌سیت نه‌ده‌سپاردم
ئاوا ژیرانه
خۆشه‌ویستیت تاپۆ نه‌ده‌کرد
له سه‌ر باڵی په‌پووله‌ی هۆنراوه‌یێک و
هه‌ڵوه‌دای شه‌قامه خه‌واڵووه‌کانی
په‌ڕتووکه داڕزیوه‌کان
گه‌ر بتزانیایه
یه‌که‌م "رۆژباش"م
قه‌تێیه‌کی سه‌رما بردووی که‌نده مژاویه‌کانی دڵم بوو
گه‌ر بمزانیایه
چنگوڕکی "نا" چ ژانێکی کوشه‌نده‌یه و
فریای هه‌موو سه‌ره"نا"داره‌کان ده‌که‌وێ
له "بۆسفۆر"ی دڵم
ده‌بوومه رێگر
هه‌رچی "نا"یه نوقمی خوێنم ده‌کرد
رۆژ باش
ئه‌ی گزینگه لاوازه‌که‌ی دوا ئێواره‌ی خۆشه‌ویستی ..
رۆژباش
رۆژباش ئه‌ی که‌نده ته‌ماویه‌کانی رابردوو..
رۆژباش
ئه‌م ئێواره‌یه
دوایین پێکی خۆشه‌ویستیم
به خۆشی هه‌موو شه‌وه ره‌شه‌کانی ته‌مه‌نم و
هه‌موو رۆژه زێڕینه قه‌ت نه‌هاتووه‌کان
هه‌ڵده‌ده‌م
ئه‌م ئێواره‌یه
هه‌رچی حه‌ز و تاسه‌یه
پاڵ ئاخنی
یه‌که‌م ئه‌ڵقه‌ی دووکه‌ڵی جگه‌ره‌که‌م ده‌که‌م و
هه‌تا هه‌ناسه‌م بڕستی بێ
تێیده‌ڕوانم
شه‌و باش
ئه‌ی هه‌موو خولیا وه‌دی نه‌هاتووه‌کان شه‌و باش
من که هه‌موو ته‌مه‌نم
رۆژی به‌سه‌ردا نه‌باریوه
سه‌وزاییم له چاوی ئه‌ستێره‌کان دا دیته‌وه و
خۆشه‌ویستیش هه‌ر...
ئه‌مشه‌و...چریکه دلۆڤانه‌کان
به‌ربه‌ره‌کانی سپای ژانی هه‌ڵبڕانت ناکه‌ن
ئه‌مشه‌و...
خه‌ره‌ندی دڵه‌ڕاوکێ
له سووڕدانێکی یادی تۆ دا
قووتم ده‌دا
ئه‌مشه‌و ...
دوایین شه‌وی چاوه‌ڕوانی خولیا ته‌ماویه‌کانه
هه‌تا گزینگ
له سه‌ر خانی هه‌ناسه سواری ژیان
جێ خۆش ده‌کا...
نانوون چاوه ره‌ش و ته‌ڕه‌کانی په‌شیمانی...
ماڵ ئاوا...ئه‌ی گزینگه ته‌ماویه‌کان....
ماڵ ئاوا...ئه‌ی ئێواره و"به‌یانیه" ته‌ماویه‌کان
ماڵ ئاوا...
ئه‌ی په‌نجه‌ره و ئه‌ی ئاوێنه و
ئه‌ی هه‌موو شته ته‌ماویه‌کان
ما
ڵ
ئا
وا
.
عه‌لی سۆهرابی-شنۆ