دیمانه بهشی چووارهم و کۆتایی
پرسیار(16): (لیسینگ) ڕوانینی وەهایە: (هەندێک کەس بانگەشەی ئەوەدەکەن کە ڕەخنە ڕەسەنایەتی لە مرۆڤدا کاڵدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر من رەسەنایەتی و داهێنانم هەبێ، ئەوالە رێگەی رەخنەوە بە دەستم هێناون.) ئەم رستەیەی لیسینگ لە کوێوە ناکۆک و تەبا دەکەوێتەوە لە گەڵ (داهێنەر)و(داهێنان)-ی ئەدەبیەوە؟
وڵام:(داهێنان/داهێنەر/رەخنە)، سێ جومگەی سێ کوچکەی بۆ چوونەکەی دۆریس لیسینگ و پرسیارەکەی ئێوەیە. دیاری کردنی جۆری پێوەندی و نزم و نەوی بوونی و شێوەی دانیشتنیان لە هیرارشی یەکی فەرزی دا، لە وڵامی پرسیارە کە نزیکمان دەکاتەوە. هەڵبەت، تاڕادەیەک سەبارەت بە هەرسێک چەمکی (داهێنان/داهێنەر/ڕەخنە)، لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوو دواوین، بەڵام لێرەدا، بە پێی هاونشین بوونیان، پێیان دا دێینەوە.
لە گۆمەڵگایەکی خاوەن کەلتووری گەشە ساندوو، خاوەن ئەدەبی بەرزو سەرکەوتوو و سنوربەرزین دا ، نیزامێکی ڕێک و پێک لە کاردایە. لەیەکەم قۆناغی بەرهەم هاتنی دەق ڕا، تاکوو بڵاو بوونەوە و خوێندرانەوە و گەڕانەوەی شەپۆلی دژکردەوەی خۆینەرانەوە لە لایەن بەردەنگەکانی پرۆفیشناڵەوە بەرەو داهێنەر، بۆ کارگەربوون لەسەر بەرهەم و دەقەکانی دی. وەک دەبینین، لە واقیع دا، سێ دیاردەی داهێنەر، داهێنان و رەخنە، لە پێوەندیەکی ساغ و داینامیکدا، لە سەربازنەیەک هەڵدەسووڕێن و لە سەر یەک کاریگەر دەبن و لە هیچ خانە بەندیەکەی خاوەن هیرارشی دا دانابەزن. ئەوەی خاتوو لیسینگ ئاماژەی پێدەکا، ئەم شێوە پێوەندیە بازنەیەی سێ دیاردە گۆرینەکەیە، بەو مەرجەی هەر سێک لەم چەمکانە لە یەک ئاست و وزەو توانا و دەستەڵات دابن.
لە وڵاتێکی ناپێشکەوتوی وەک کۆمەڵگای ئێمە، ئەم بازنەیە هێشتا سەری نەگرتووە و سێ چەمکە گۆرینەکە، لەوپەڕی توانای خۆیان دا، لە فۆڕمێکی سێ کوچکەیی دا یەک دەگرنەوە، کە لانی کەم یەکیان باڵادەستە و دووی تریان ژێردەست. لە ئەدەبی کوردیدا، بەهۆی باری مێژویی و رامیاری و ...، زۆرهۆی تر رەخنە کەم تەمەن و کەم ئەزموون ترە لە داهێنان و هێشتا نەیتوانیوەپێ به پێی دەقە داهێنەرانەکان بڕواتە پێش و زۆر جار وەدواکەوتووه، بۆیەش داهێنان لە بان سێ کوچکەکەدا پاڵ کەوتووە و داهێنەر و رەخنە لە دوو جومگەکەی خوارەوە، دەستە و نەزەر راوەستاون. بە هەڵدان و گەشە سەندنی پتری ئەدەب و رەخنە لەم ئاقارەدا، ئەم فۆرمە پێوەندیە، لەسێ کوچکە ڕا بەرەو بازنە گۆڕانی بەسەر دادێ و باوی خوشین و بەرەوپێش چوونی خۆش دەبێت. ئەوکات، ئەوەی خاتوو لیسینگ گوتویەتی، لەم ئاقارەش وەڕاست دەگەڕێ.
پرسیار(17): یەکێک لە روانینەکانی (دێرک والکوت) وەهایە: (ئەدەب دەمی زامێک هەلدەداتەوە، قووڵتر لەو زامەی مێژوو هەڵیدەداتەوە.) ئیمە دەتوانین بەم شێوەیەش بڵێین: لێکۆڵەرو رەخنەگری کوردی قووڵتر دەچنە نێو پێکهاتەی دەقەکان؟
وڵام: میلان کۆندرا، لە جێگایەک دا سەبارەت بە مێژوو و ئەدەب و پێوەندی ئەم دوانە لە تەک یەک دەڵێ: (ئەدەب- بەتایبەت ڕۆمان- ، ڕەوایەتی ئەو شوێنانەی بەسەرهاتی مرۆڤن، کە مێژوو نەینووسیونەتەوە و سپی بە جێی هێشتوون.) بەم جۆرە، ئەدەب، بەهەڵبژاردنی ئەم پاژانەی مرۆڤ و، بەرجەستە و تۆخ کردنەوەی ئەو شوێنانەی مێژوو خێرا بە سەری دا قەڵەمبازی داوە و، کاڵ کردنەوەی ئەو جێگایانەی کە مێژوو، بە پێی هەندێک بەرژەوەندی تۆخی کردوون، رەوایەتێکی جودا لە رەوایەتی مێژوو دەخوڵقێنێ. زامەکان، ئارەزوو و مەیلە سەرکوت کراوو فەرامۆش کراوەکان، لایەنە وەلانراوو وە پشت گوێ خراوەکانی بەشەری، دەبنە دەست مایەی دەقە ئەدەبی و بە تایبەت رەواییەکان.
ئینجا، ئەگەر ئەدەب، بەم شێوەیە رەوایەتی مرۆڤ بکات، چۆن دەبەسترێتەوە بە چۆنیەتی خوێندنەوەی دەقەکان لە لایەن رەخنەگرانی کوردەوە؟، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆسهر چۆنیەتی کارکردی زەینی پرسیار وڕووژێنی کاک رابەر، کە بە چ رەهەندێکدا، گەیشتووتە ئەم پێوەندیە!
بەڵام، لە هەر حاڵ دا، لەوانەیە مهبهستی نەنووسراو و ناوشیاری پرسیارەکە ئەمەبێ: بە پێی ئەوەی مێژووی کورد، خاوەنی زام گەلی قوڵ و ساڕێژ نەکراوی وەک ئەنفال و هەڵەبجە و ...یە، ئایا ڕەخنەگران، توانیویانە جێ پێی ئەم زامانە لە دەقە ئەدەبیەکانی سەردەم دا بدۆزنەوە؟
لە ڕاستی دا، وزەی کەڵەکە بووی رووداوە مێژوویی و سەر بووردەکانی مرۆڤی کورد، هێشتا بەتەواوی لە ناخی دەقە ئەدەبیەکان دا نەتەقیوەتەوە، تاکوو رخنەگریش بە قوڵایی پێکهاتەکانیان دا شۆر ببێتەوە و باسیان بکات.
ڕووداوگەلی مێژوویی وەک شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم، لەوڵاتانی رۆژئاوادا، بوونەتە هەوێنی دەق گەلی سەرکەوتووی ئەدەبی بۆ نموونە، کۆرت ڤۆنێکات، لە رۆمانی (سەلاخ خانەی ژمارە 5)دا، بە بەرجەستەکردنەوەی پاژێک لە مێژووی شەڕی گیان پڕووکێنی دووهەم، شۆرشێکی فۆرمیکی لە بواری ئەدەبی رەوایی دەخوڵقێنێ، کە بەڕاستی سەر سووڕ هێنەرە. ڤۆنێکات، لەم ڕۆمانەدا، سنوورەکانی هەنووکە و ڕابردوو و داهاتوو، وا دەبەزێنێ کە بەڕاستی بەر لەم دەقە نەکرابوو. (بیلی پیل گریم)، لە یەک ئان دا، لە هەرسێک قۆناغی زەمانی دا دەژی. ئەگەر بمانهەوێ فۆرمێک بۆ ئەم شێوە پێکهاتە زەمانیە دیاری بکەین، چاکترین فۆرم، کە دەربڕی ڕەفتاری زەمان بێت لەم ڕۆمانەدا، فۆڕمی لابیرێنتی و حەلەزوونیە، لە یەک ئان دا، لە چەندین جێگادا، سێ قۆناغی زەمانی، لە کن یەک و لە سەریەک هێڵ دا دەگەنە یەک.
ئێمە لە ئەدەبی کوردی دا، جگە لە چەن دەقی شێعری (وەک لاوکی هەڵەبجەی رەفیق سابیر و هەندێک لە بەرهەمەکانی شێرکۆ بێکەس) شتێکی وامان نیە بۆ باس کردن.بهتایبهت پانتای ئهدهبی رهوایی،بۆلای تهقاندنهوهی وزه کهڵهکهبووهکانی ئهم قۆناغهی مێژووی کوردنهچووهو به پهنای دا تێپهڕیوه. دەنا، رەخنەی کوردی بۆی هەیە ئەگەر دەقێک، بە زمان و پێکهاتە یەکی پتەوو رێک و پێک و بە شێوەی داهێنەرانە، لاپەڕە سپی و هەژێنەرەکانی مێژووی کوردەواری هەڵبداتەوە، بە نێوان ئەم جیهانە ئەدەبیە دا شۆڕ ببێتەوە و باسی لێوە بکا.
پرسیار(18): ڕۆشنبیرانی کورد توانیویانە بەکەرستە مۆدێڕن و چەمکە جیهانیەکان، دۆخی گشتی ئێستەی کوردستان بخوێننەوە و قەیرانەکان بەرەو چارەسەر پەلکێش بکەن؟
وڵام: ئەرکی ڕۆشنبیر سەبارەت بە قەیرانەکانی کۆمەڵگا، بەکورتی دەتوانن ئەم خاڵانە بن:
1. پێش وخت هەست کردن بە قەیران و پەتا کانی کۆمەڵگا و بەرجەستە و پێناسە کردنیان
2. رەخنەگرتن و شەن و کەو کردنی بەردەوامی فۆرمەکانی جۆراوجۆری دەستەلات، لە بوارەکانی جودا جودای (ڕامیاری، ئابوری، کەلتوورە، ئایینی و...)، بۆ بەرگرتن لەبه تابۆ بوون و مانەوە و گنخانی دەستەڵات لە یەک شوێن دا و وەجووڵە کەوتنی کۆمەڵگا و پێکهاتە ڕامیاری و تەنانەت تاکەکان بەرەونوێ بوونەوە.
3. قامک خستنە سەرچەمک و دیاردەکانی تەوەرەیی و شوێن دانەری کۆمەڵگا و مێژوو و...، دووبارە خوێندنەوە و دووبارە پێناسە کردنەوەیان، بە پێی باروو دۆخ وکەش و هەوای هەنووکەیی، بۆ کارکردی نوێتریان، بەرەوە بەرژەوەندی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی.
دیارە زۆر لایەنی تر دەکرێ بەم لیستەوە بلکێنرێ، کە بۆ خۆپاراستن لە درێژدادڕی، چاوپۆشیان لێ دەکەین و قەناعەت بەم سێ کارکردە سەرەکیەی رۆشنبیر لە کۆمەڵگادا دێنین.
لە رەوتی مێژووی عەقڵانیەت و رەخنە خوازیی کوردی دا، شوێن پێی بەرچاو دەبینین. ئەگەرچی چەلی وایە دەنگە رۆشنبیرانەکان، لە باری چەندایەتیەوە لە کەمیان داوه، بەڵام قەت کڕ نهبوونهتهوه. لەم چەن دەیەی ڕابردووش دا، هێندێک هەوڵی تاک و تەرا، لە حاند سێ خاڵەکەی گۆرینی باس کراو، لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە دراوە، جا چ بە دەقی لێکۆلینەوە و فیکری وکۆمەلناسانە (وەک خوێندنەوەکانی بەختیار عەلی سەبارەت بە ناسیۆنالیزم، دەستەڵات، بهعسیزم، ئایین و...) چ بە دەقی ئەدەبی-رەوایی (وەک ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی، عەتا نەهایی و...) چ بە دەقی شێعری (هەوڵەکانی عەبدوڵلا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، یۆنس ڕەزایی، رەزا عەلیپوور و ...)، یان بەهەوڵە ژۆرنالیستیەکان (وەک هەوڵەکانی ڕامان و رەهەند و شین و سروە ومەهاباد و زرێبار و ڕۆژهەڵات و دەزگا چاپەمەنی و بڵاوکەرەوە و سایت و وێبلاگەکان و ...) کە دیارە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، شوێنی خۆیان لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری و تەواوی دیاردەکانی ناخی ئەم کۆمەڵگایە داناوە. بەڵام ئەوەی ناچارین دانی پێدا نێین، ئەم ڕاستییەکە دیسان رەوتی رۆشنبیری، پێ بە پێی دیاردە مێژوویە و کۆمەڵایەتیەکان نەچۆتە پێش و زۆر جێی نەخوێنراوە و شوێن دانەر هێشتا ماونەتەوە کە چاوەڕوانی لاکردنەوەی بەشی رۆشنبیر و لێکۆلەرەوەی کۆمەڵگان.
پرسیار(19): ڕۆشنبیرانی کورد دەزانن بیرلەچی دەکەنەوە و لە پشت بیرکردنەوەکانیاندا چ مەبەستێک خۆی نواندووە؟
وڵام: لەوڵامی پرسیارەکانی پێشوودا، کورتە ئاماژەیەک بەپێناسەی رۆشنبیرکرا. ئەم چەمکە، دیارە بە شێوەى مۆدێڕن و ئەوڕۆیی، لە بۆچوونەکانی دێکارتەوە، دەستی پێ کرد. بە کورتی دێکارت باسی ئەوە دهکا، کە ئێمە پێویستە بوێرانە، بە پاڵپشتی خۆمان، چەمک و دیاردەکان دووبارە بخوێنینەوە و بیانناسینەوە. ئەمە کورت ترین و بە رجەستەترین و سەرەکی ترین رەساڵەت و پێناسەی ڕۆشنبیرە (یان بە پێی یەکەم زاراوەکانی ئەم بزاڤه، واتاentelectual) .(
کە وابوو، هەر پێی ئەم کورتە پێناسەیە، باسێک لەوەدا نامێنێتەوە کە ڕۆشنبیر کەسێکە کەهەست بە کێشەکان دەکا و بە قووڵی و ڕیشەیی باسیان دەکا، ئەویش بە پێی بۆ چوون و نەزەریە و تیۆریەکانی سهردهمهوه. کەوابوو دیارە ئەم کەسە خاوەنی هۆشیاریەکی تەواوە سەبارەت بە چەمک و دیاردە بەرباسەکانیان ومەبەستەکانی مەڵاس دراوی پشت ئەم باسانە. دیارە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە ئهم دهلالهتهی لێ دهکهویتهوهکه، کەسێک کە توانای لێک دانەوەی قووڵی کێشەکان و وزەی بیرکردنەوەی مەنتقی و تەحلیلی سیستەماتیکی بابەتەکانی نیە، فڕی بە حهوزەی (ڕۆشنبیر)یەوە نیە. لە کوردەواری خۆشمان دا، هەم تاقمی یەکەممان هەیە (هەڵبەت بە شێوەی ڕێژەیی) و هەم تاقمی دووهەم. بەڵام تاقمێکیشمان هەیە کە وابزانم مەبەستی پرسیارەکەش ئاماژە بەم تاقمەیە. ئەوانیش ئەوکەسانەن کە (وانموود) دەکەن کە رۆشنبیرن و لە واقیع دا، دوورن لە وپارامێترە سەرەکیانەی بۆ ڕۆشنبیر خستمانە ڕوو. دیارە ئەوانە لە حەوزەی (ڕۆشنبیری) دەکەونە دەرەوە و باس کردنیان لەم بوارەدا، خەسارناسیەکی تێروتەسەلی (دەروون ناسانە، کۆمەڵناسانە)ی گەرەکە.
پرسیار(20): لە نێو (رۆشنبیر)انی ئێستەی کوردستاندا کۆمەڵێک گرووپ ئامادەییان هەیە، ئیمە دەتوانین بڵێین ئەمانە بنەمایەکی تەندروستیان هەیە بۆ درێژەدان بە کارە کانیان؟ بۆچی ئەم گرووپانە هەردەمێک و کەسێک وەکوو (ڕۆشنبیری گەورەی کورد) دەناسێنن؟
وڵام: یەکەم هەنگاوەکانی دۆخی مۆدێڕنیتە و بەرهەمە فکریەکەی واتا ڕۆشنبیری، وهلانانی کەڵە رەوایەتەکان و هاویشتنە بەرباسی ورکە ڕەوایەتەکان بوو. ئیتر وەک نوێنەر و ناردراوەیەک لە سەرەوەی هەموان دانیشتن و ڕێگە و چارە بۆ کەڵەکێشەکانی بەشەری داڕشتن باوی نەماوهو، کەڵکەڵە و کێشە تاکە کەسیەکان و تاقمە فەرامۆش کراوەکان، بوون بە ڕەوایەتی سەرەکی مرۆڤی سەردەم. یەک لە لایەنەکانی مرۆڤی پێش مۆدێرنی جیهانی سوننەتی، پەنابردنە بەردەستەڵاتێکی تاقانە و چاوەڕوان بوونی کەڵە مرۆڤ و (سۆپێرمان) ێک بوو، بۆ هەڵاتن لە دەس ترس و گومان و نەزانین و هەڕەشەکان. که تهفهککوری مۆدێرن فوودانەی ئەم سۆپێرمانەشی تەقاند و لە پەنا دیکەی دیاردەکانی تۆزاوی جیهانی سوننەتی دانا.
ئێستا، لەم جیهانە دوا مۆدێرنەدا، کەخەریکە بە توندی چەمکەکانی مۆدێڕنیتە داوێتە ژێر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و شەن و کەوی دەکا، جەماعەتێک لە کۆمەڵگای سوننەتی/ مەیلە و مۆدێرنی ئێمەدا حزووریان هەیە کە هێشتا لە نەستیان دا شەیدای سوپێرمانەکانی جیهانی سوننەتین و، بە وانموود کردنەوەی خۆیان بە مۆدێڕن و رۆشنبیر، بە بێ کەڵە پیاوی هەموو شت زانی سۆپێرمەن ئاسا ناژین، بۆیەش بە ئەزمان ئەم کەڵە رەوایەتانە ڕەت دەکەنەوە و بە ڕەفتار و کردەوەی ناوشیارانە، خەریکی ژیاندنەوەی دیاردەکانی جیهانی سوننەتین و هێشتاش هەرلەم کەش وهەوادا هەناسە هەڵدەکێشن. هەڵبەت ڕەوتی ئێستای ڕۆشنبیری و تامەزرۆیی بەرەکانی هەنووکەی کوردەواری بۆ کارکردن لە بوارەکانی مەعریفی و زانیاری، ئەم تاقمە هیستریکانە (پەتای دەروونیی خۆنواندن و وانموود کردن) وەلادەنێ و تەریکیان دەخاتەوە. بەڵام هیچ کۆمەڵگا و میللەتێک ناتوانێ بانگەشەی ئەوەی بکا کەڕیشەی ئەم ڕەوتانەی بەتەواوی ویشک هەڵێناوە، هیچ گوڵزارێک بێ دڕک و داڵ نیە.
موراد ئەعزەمی
خاکەلێوەی 88شنۆ
«